ناوهڕۆك
جۆرەکانی خەڵووز
خەڵووز لەسەر بنچینەی پلەی کۆنی دروست بوونییەوە و ڕێژەی پێکهاتنی لە کاربۆن و ئەو ماددانەی لێی دەردەچن و هەڵمی ئاو و جۆرەکانی ڕیز دەکرێن، تا ڕێژەی کاربۆنی تێدا زۆر بێت، نرخی زیاتر دەبێت و وزەیەکی گەرمی زۆرتر دەدات لە سووتاندا و تاکو ڕێژەی شێ و خڵتەشی زۆرتر بێت نرخی کەمتر دەبێت.
خەڵووز دەکرێت بە سێ بەشی سەرەکییەوە کە ئەمانەن
خەڵووزی ئەنثراسایت
کۆنترین چەشنی خەڵووزە لە ڕووی پەیدا بوونییەوە و چاکترین چەشنە و کەمتر بڵاوە. ڕێژەی کاربۆنی تێیدا لە (90٪) زیاترە وە ئەوەی دەمێنێتەوە خڵتەیە و ئەو ماددانەیە کە دەبنە هەڵم، هەروەها بەوە بەناوبانگە کە ڕەقە و گەشە و بە چاکی دەسووتێت وە بەکار دێت بۆ بەرهەم هێنانی وزە و کاروباری ناوماڵ بە زۆری، بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی چیاکانی (ئەپالاشی) لە ئەمەریکای باکوور و، خوارووی (وێڵز) لە ئینگلتەرە و لە ڕوسیای فیدراڵ و چیندا هەیە.
خەڵووزی بتیومین (قیری)
ئەم جۆرە ناگاتە چەشنی یەکەم لە چالاکی دا، وەک ئەویش ڕەق نییە، ڕێژەی کاربۆنی لە نێوان (70-90٪). لە پیشەسازیدا بەکاردێت وەک سەرچاوەیەکی وزە و کەرەستەیەکی خاویشە بۆ دروستکردنی خەڵووزی (کوک) و بەرهەمهێنانی گاز. ئەم چەشنە لە زۆربەی ناوچەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووز لە جیهاندا بڵاوە، بەڵام ئەو چەشنانەی بۆ دروستکردنی خەڵووزی (کوک) بەکاردێت لە هەندێ ناوچەی دیاریکراودا هەن، وەک ناوچەی (رۆر) لە ئەڵمانیا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرە و بەلجیکا.
خەڵووزی لەگنایت
باشی ئەم جۆرەیان لە دوو چەشنەکەی پێشوو کەمترە. چونکە ڕێژەی کاربۆنی لە نێوان (45-60٪) دایە و کاتی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیۆلۆجی سێهەم. ئەم جۆرە خەڵووزە بۆ دەرهێنانی کارەبا لەو شوێنانەی تیایاندایە دەردەهێنرێت و کەرەستەیەکی خاوە بۆ پیشەسازی کیمیاگەری. خەڵووزی لەگنایت بە تایبەتی لە ئەڵمانیا و ڕوسیای فیدراڵ و لە ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چیک و سلوفاکو نەمسادا هەیە، وە بەشداری بازرگانی جیهانی نابێت.